شاعیر: سابیری
کتێب: دیوانی سابیری
سەرناو: جانا بەخودا باوەڕ ئەکەی ئاگری دووری

جانا بەخودا باوەڕ ئەکەی ئاگری دووری
بەربوو لە زەل و پووشی بیابانی سەبووری

حەیفە بە قسەی ناکەس و ئەغیار عەزیزم
خۆت عاجز ئەکەی لەم ھەموو خزمانە ئەبووری

ناکەس دڕکە ڕووی مەدەرێ ئەی گوڵی ناسک
ئەو ھەورە نزیکی مەکەوە چونکە تۆ خووری

دوودی نەفەسی سوفلە غەم و دەرد و بەڵایە
دووربێ لە لەشی نازکی تۆ، عەینی بلووری

وێنەی نییە ئاوێنەیی حوسنت لە بەشەردا
حووری سیفەت و دولبەر و بێ عەیب و قسووری

تا تووری دڵم موحریقە بەم نووری جەبینە
وەڵڵا لە دڵمدا نییە ئارام و سەبووری

سەرگەشتە و شێواوە شەوێ شێوەیی تۆی دی
سابیر بە یەقین تێگەییوە کۆمەڵی نووری